له راستیدا زوربه‌ی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ند هی ئه‌مڕۆ نین ، به‌م دواییه‌ش قه‌به كران و كه‌ڵه‌كه بون تا كارگه‌یشته ئه‌وه‌ی ده‌یبینین .
هه‌ر چاودێرێك ده‌توانێت لایه‌نێكی فاكته‌ره‌كان دیاریی بكات كه ئه‌م قه‌یرانه‌ی گه‌یانده حاڵه‌ت و سروشتێك كه جێگه‌ی داخ و نیگه‌رانییه ، سروشت و ههلو مه‌رجێك كه كۆسپه له‌به‌رده‌م لێك تێگه‌یشتن ، له‌كاتێكدا سه‌ره‌ڕای كۆسپه‌كان، ئه‌و لێك تێگه‌یشتنه هێشتا له‌باره ،ده‌شبێت هه‌ر له‌بار و ره‌خساو بێت چونكه هیچ رێگه چاره و ده‌ره‌نجامێكی گفتوگۆكان به دڵی هه‌موان نابێت ،ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان پێكه‌وه لهسهربناغه و بنه‌ماكانی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه و یه‌كڕیزیی نیشتمانیی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش لێك تێگه‌یشتنیان نه‌بێت.
ره‌نگه هه‌ندێك له كێشه‌كان مۆركێكی گشتییان هه‌بێت كه په‌یوه‌سته به پرۆسه‌ی سیاسیی و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ،چونكه هه‌ردو لا ،حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌شێكی سه‌ره‌كیی پرۆسه‌ی سیاسیین به كرده‌وه به‌شدارن له هێنانه ئارای ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌رئه‌وانیش ده‌توانن به‌ره‌وپێشی ببه‌ن یان كۆسپی بۆ دروست بكه‌ن.
له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌ی سیاسیی پرۆسه‌یه‌كی ته‌وافوقیی و له‌سه‌ر بناغه‌ی موحاسه‌سه هاته كایه‌وه ،پرۆسه‌یه‌كه واقیعێك هێنایه ئاراوه كه كێشه‌ی زۆری تیادا بو ، خودی به‌شداربوانی پرۆسه‌كه‌ش روبه‌ڕوی ئه‌و كێشانه بونه‌وه .
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌شداربوانی پرۆسه‌ی سیاسیی له جیاتی ئه‌وه‌ی بیر له رێگه چاره‌ی به‌په‌له و ریشه كێش كردنی هۆكار و گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه بونی كێشه‌كان بكه‌نه‌وه ،پره‌نسیپی دواخستن و وه‌لانانی كێشه‌كان بۆ كاتێكی تر په‌یڕه‌و ده‌كرد .
به حوكمی پێكهاته‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی ،ئه‌و رێوشوێنانه‌ی پشتیان پێده‌به‌سترا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌و راستییه ده‌رده‌خه‌ن كه به‌رپرسیارێتی ئه‌و دواخستنه هه‌ر به‌ته‌نیا لایه‌نێك ناگرێته‌وه به‌ڵكو روی هه‌مویان ده‌گرێته‌وه.
بۆیه ده‌بێت هه‌مو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ بسازێن و رێك بكه‌ون له‌سه‌رئه‌و دروشم و كاره سیاسییانه‌ی كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ویسته‌كانی گه‌لدان و رۆڵی جه‌ماوه‌ر و گه‌لانی ناوچه‌كه ره‌چاوبكه‌ن ، له هه‌مو گۆشهنیگاكانهوه بڕواننه ئامانجه سیاسییه‌كان ،جا دروشمه‌كان مافی چاره‌ی خۆنوسین بێت یا سه‌ربه‌خۆیی كه مافێكی ره‌وای هه‌مو گه‌لانه به تایبه‌تیی گه‌لی كوردستان ، مافی قه‌واره‌كانی تریشه.
گرژیی نێوان هه‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند به‌داخه‌وه كاریگه‌ریی خراپی هه‌بو له‌سه‌ر بارودۆخی كورد به‌گشتیی ،بۆیه ده‌بێت ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه سیاسیی و كۆمهڵایهتییهسهرهكییهكان به‌به‌رنامه دروشمه سیاسییه‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه .
زۆر گرنگه لێك تێگه‌یشتنێكی نیشتمانیی له‌ئارادا بێت بۆ قانونی نه‌وت و گاز كهمانهوهی به په‌سه‌ندنه‌كراوی تا ئێستا ،بوه‌ته كێشه‌یه‌كی ئابوریی گه‌وره له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكاندا ،بگره كاریشی كردۆته سه‌ر سیاسیه‌تی نه‌وت و ئابوریی و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازیی نه‌وت . لێره‌دا پێویسته ئاماژه بكرێت بۆ پێویستیی پشت به‌ستن به پره‌نسیپی رون و ئاشكرایی له سیاسه‌تی گشتیی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تی نه‌وت ،به‌تایبه‌ت كه نه‌وت و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان موڵكی حكومه‌ت یان كه‌سێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو موڵكی گه‌ل و هه‌مو نه‌وه‌كانه.
هاوكات پێویسته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دامه‌زراوه‌كانی تری حكومه‌ت قانونی دیراسه‌كراو په‌سه‌ند بكه‌ن سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی گه‌ل بۆ داهاته داراییه‌كان به شێوه‌یه‌كی رون وئاشكرا.
له سیستمی دیموكراسیدا هه‌میشه كه‌موكورتییه قانونییه‌كان له هه‌ر كه‌رت و بوارێكی ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كاندا، فاكته‌ری كێشه‌ی چاوه‌ڕوانكراو چاوه‌ڕوان نه‌كراو و به ئه‌نقه‌ست و بێ مه‌به‌سته‌كانه ، بۆیه دواخستنی په‌سه‌ندكردنی ئه‌م قانونه گرنگه (واته قانونی نه‌وت و گاز) له وڵاتێكی خاوه‌ن نه‌وتی زۆری وه‌ك عێراق،بوه‌ته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم له بواری نه‌وت دا.
له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت پابه‌ند بون به جێبه‌جێكردنی ماده ده‌ستورییه بڕیارلێدراوهكانی ناو ده‌ستور كه چاره‌نوسی عێراقیان پێوه به‌نده ،ئه‌ركی نیشتمانیی له پێشینه‌ی هه‌مو عێراقییه‌كانه ،دواخستن یان خاو و خلیچكیی له جێبه‌جێكردنیاندا فاكته‌ری راسته‌وخۆی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانی عێراقه وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر مادده‌ی 140دا هات كه ماده‌یه‌كی گرنگه‌و هه‌موان ده‌یزانین.
لۆمه‌ی ئه‌م دواخستنه هه‌ر له لایه‌نێكی سیاسیی یان حكومیی به ته‌نیا ناكرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت بوترێت هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی هه‌بون كاریان ده‌كرد به ئاڕاسته‌ی ئه‌م دواخستنه،بیانوه‌كه‌شیان ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ههلومهرجیی ئه‌منیی.
خاڵێكی دیكه‌ش كه له‌سه‌روبه‌ندی كێشه‌كان هاته ئاراوه مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌نوسه كه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر دراوه ،گه‌لی كوردیش وه‌ك مافێكی ره‌وای خۆی ته‌نانه‌ت پێش دابه‌شكردنی كوردستانیش له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان داوای ئه‌و مافه‌ی خۆی كردوه ،دروشمی پارته كوردییه‌كان هه‌ندێك جاریش پارته عێراقییه‌كان بوه و هه‌مویان دوای مافی چاره‌ی خۆنوسینیان كردوه ،باشترین نمونه‌ش بۆ حاڵه‌تی كورد له عێراقدا ئه‌وه‌ی سكۆتله‌ندایه له كاتێكدا سكۆتله‌ندییه‌كان به ته‌واوی مافه‌كانیان شادن گه‌رچی تائێستاش پارتی نه‌ته‌وه‌یی سكۆتله‌ندا هه‌ر داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات.. كێشه‌ی سه‌ره‌كیی گه‌لی كوردستان له عێراقدا حكومه‌ته دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه. سه‌رباری هه‌مو ئه‌و كۆسپانه‌ی كه له رابردودا روبه‌ڕوی هه‌رێم بوه‌ته‌وه به‌ڵام بارودۆخه‌كه له كوردستانی عێراق له هه‌ر سه‌رده‌مێكی تر باشتر بوه هه‌ر له لایه‌نی سیاسیی و ئابورییه‌وه بگره تا ده‌گاته و رێزگرتنی پێكهاته‌كانی تر و گه‌لانی ناوچه‌كه.
كێشه‌ی په‌سه‌ندكرنی قانون و جێبه‌جێكردنی قانونه‌كان و ده‌ستور ته‌نیا به پابه‌ند بون به پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستور چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، چونكه تا ئێستاش هه‌ر ده‌ستور تاكه به‌ڵگه‌نامه‌ی نیشتمانیی و قانونیی دیموكراسییه كه ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه ، هه‌ر كه‌م و كورتیی گرێ وگۆڵێك هه‌بێت له ماده‌كانیدا هه‌ر ده‌بێت به كاری ده‌ستوریی و دیموكراسیی و میكانیزمی پرۆسه‌ی دیموكراسیی و پارله‌مانیی چاره‌سه‌ر بكرێت و یه‌كلایی ببێته‌وه ، ناكۆكیی و ململانێ سیاسییه‌كانیش هه‌ربه میكانیزمی دیالۆگ و ئه‌و رێوشوێنانه یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه كه سیستمی دیموكراسیی رێگه‌یان پێ ده‌دات.
هیچ لایه‌نێك ناتوانێت به پره‌نسیپی قۆستنه‌وه‌ی قه‌یرانێك بۆ ته‌نگاو كردنی لایه‌نێكی تر كاربكات و ده‌بێت ئه‌و راستییهبسهلمێنێت كه لێك تێگه‌یشتنی نیشتمانیی و په‌رۆشیی بۆ یه‌كڕیزیی نیشتمانیی و شه‌راكه‌ت به دابه‌شكردنی خێر وبێرهكان و به‌گژاچونه‌وه‌ی شهڕهنگێزییهكان تاكه رێگه‌یه بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و هه‌نگاو نان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی كراوه‌تر له جێی بیر ته‌سكیی، كه كێشه‌كانمان پێ گه‌مارۆ داوه باری شانی خۆمانمان پێ قورس كردوه.