1-10-2012
.[printfriendlyKurdish]
فیدراڵیی وه‌ك نموونه
له‌كاتی رووخاندنی رژێمه‌وه له‌ساڵی 2003 زۆر له‌و هیواو ئاواتانه وه‌ك خۆیان ماون و نه‌هاتونه‌ته‌دی كه ئێمه‌ی عیراقی چاوه‌ڕێی بووین له‌ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسییدا بێته‌دی، بۆچوون و تێڕوانینه‌كان گشتیی بوون و نه‌خرابوونه چوارچێوه تیۆریی و فیكریی و قانونییه‌كان، هۆكارو هانده‌ریش بۆ ئه‌م گششتگیركردنه به‌سه‌ر بۆچوونه‌كاندا پاراستنی گرێبه‌ندیی سیاسیی و میللی بوو كه وه‌ك پشتیوانییه‌ك ده‌مێنێته‌وه بۆ گواستنه‌وه به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی دیموكراسی و پارێزه‌ری ئیراده‌ی گشتیی، كه هێزه سیاسییه ئاڕاسته جیا‌و جیهانبینییه جیاجیاكانی كۆكردۆته‌وه، ئه‌وه‌ش ئیراده‌ی كۆتایی هێنان بوو بهدیكتاتۆریی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی فیدراڵی دادپهروهرو ئازاد.
سیستمی حوكم
له‌نێو 193 ده‌وڵه‌ت كه له‌سایه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه 28 ده‌وڵه‌تیان فیدراڵییان كردۆته سیستمی حوكم، كۆی دانیشتووانهكانیشییان نزیكه‌ی 40%ی دانیشتووانی جیهان پێكده‌هێنن، فیدراڵیی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا وه‌ك یه‌ك نییه، به‌ڵكو فیدراڵیی جیاجیان به‌پێی پێكهاته‌ی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، نمونه‌یه‌كی فیدراڵییش نییه كه بوترێت ئه‌وه باشترینیانه، به‌ڵام فیدراڵی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه گونجاوو به‌كه‌ڵكه كه ژماره‌ی دانیشتوان یاخود هه‌رێمیان زۆره، له‌وكاته‌دا فیدراڵیی وه‌ك سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردن هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كانه‌ی كه پێشتر دابڕابوون له‌ده‌وڵه‌تێكی نوێ‌دا یان بۆ دووباره رێكخستنهوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه پێشتر یه‌ك بوون زۆرجاریش له‌ده‌ره‌نجامی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ده‌بێت، هاوكات فیدراڵیی لهدهوڵهتێكهوه بۆ یهكێكیتر جیاوازه، وه‌ك چۆن چه‌مكی دادوه‌ریی و رێوشوێنه‌كانی به‌پێی جیاوازیی بیركردنه‌وه‌و هه‌لومه‌رجه‌كان و شێوازی سیستمه‌كان، له‌كۆمه‌ڵێك و سیستمێك بۆ یهكێكیتر ده‌گۆڕدرێت، هه‌مان حاڵه‌تیش به‌سه‌ر چه‌مكی ئازادی‌دا جێبه‌جێده‌بێت كه ته‌نانه‌ت له‌ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه دیموكراسییه‌كانیشدا جیاوازیی هه‌یه‌و شێوازه‌كانی جیایه، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تیشدا وه‌ك له‌ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌یه، كه ویلایه‌ته‌كان خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی جیاجیایان هه‌یه، بگره هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵ یه‌كتر یهكناگرنهوهو پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن. هه‌ر ده‌بوو جیاوازییه‌كانمان له‌سه‌ر ورده‌كاریی زۆربه‌ی مه‌سه‌له سه‌ره‌كییه‌كان دوابخستایه له‌پێناوی یه‌كگرتنه‌وه له‌سه‌ر ئامانجه گشتیی و پێكه‌وه گرێدراوه‌كان كه زه‌مینه خۆشده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانی یه‌كخستنی ریزه‌كان و رێگرتن له‌دابڕان و ناكۆكییه‌كان كه ده‌یان ساڵ بوو ببووه كۆسپ له‌به‌رده‌م یه‌كێتی خه‌باتی نیشتمانی دژ بهدیكتاتۆریی، ئه‌م دواخستنه‌ش به‌رهه‌می دوای 2003 نه‌بوو به‌ته‌نیا، به‌ڵكو ده‌رهاویشته‌ی شێوازه‌كانی لێكتێگه‌یشتنی بزووتنه‌وه رزیگاریخوازهكانی كورد‌و عه‌ره‌ب و كۆنگره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق بوو به‌ر لهگۆڕانكارییهكان كه زه‌مینه‌ی خۆشكرد بۆ هێنانه ئارا‌و دروستبوونی تێڕوانینێكی نیشتمانی سه‌رتاسه‌ریی و كۆكه‌ره‌وه لهبهگژاچونهوهی دیكتاتۆریی له‌لایه‌ك و یه‌كخستنی هه‌ڵوێستێكی عیراقییانه له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه پشتیوانی رووخاندنی رژێم و گۆڕاندنی ده‌كرد له‌لایه‌كی تره‌وه.
بیركردنه‌وه‌و روانیینهكان
پێده‌چێت باوه‌ڕو متمانه‌یه‌كی وادروست بووبێت كه قه‌واره‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی ده‌ستی دیكتاتۆریی و راده‌ی قوربانییه‌كان كه عیراقییه‌كان به‌خشیویانه، ده‌توانێت كۆده‌نگی نیشتمانی بپارێزێت لهههردابڕان و تووندبوونهوهیهكی ناكۆكیی كه جه‌سته‌ی نیشتمانی زۆرلاوازكردوه، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌و روانیینهكانی پێش وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات شتێكه دوای ده‌سه‌ڵاتیش شتێكیتره، هه‌میشه ئامانجی (كۆكردنه‌وه‌و یه‌كخستن)، (ئامانجه گشتییه هاوبه‌شه‌كان) گه‌وره‌و زه‌ق ده‌كات، به‌ڵام كاتێك ده‌چینه ورده‌كارییه‌كانه‌وه (ئامانجه گشتییه هاوبه‌ش)ه‌كان هه‌ڕه‌شه له(كۆكردنه‌وه‌و یه‌كخستن) ده‌كات به‌تایبه‌تی له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی له‌ڕووی فیكریی و ئایدۆلۆژیاوه جیاوازن و هاوپه‌یمانیێتی و رێككه‌وتنه‌كانیان ناچێته هه‌یكه‌ل و چوارچێوه‌یه‌كی فیكریی و تیۆریی و پراكتیكیی روون و دیاریكراوه‌وه. ئه‌م میكانیزمه له‌چه‌سپاندنی (كۆكردنه‌وه‌و گردبوونه‌وه) به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌نێو هێزه‌كانی دژ بهدیكتاتۆریی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا بۆ ره‌خساندنی كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانی سه‌رتاسه‌ریی كه تا 2003مان هێناو یه‌كگرتوو و هاوڕابووین بۆ رووخاندنی دیكتاتۆری و گۆڕینی رژێمه‌كه‌ی به‌سیستمێكی دیموكراسی فیدراڵیی ئازاد‌و دادپه‌روه‌ر، وه‌ك هێزه سیاسییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واومان هه‌بوو له‌و گۆڕینه‌دا؛ ئه‌و به‌ڵێنه‌مان به‌گه‌ل دابوو، به‌ڵام هه‌مان میكانیزم كه به‌گشتیی رێككه‌وتنی له‌سه‌ركرابوو، (لێكتێگه‌یشتن) له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی دواخستبوو، هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی گۆڕانكارییه‌كان سه‌ریهه‌ڵداو خستیه به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام كه تاچه‌ند له‌توانادایه ئه‌و دواخستنه خۆڕابگرێت و جدی بێت له‌ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتن بكرێت له‌باره‌ی ورده‌كارییه دواخراوهكانهوه، ژیانی رۆژانه‌ی سیاسیی وه‌ك به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ده‌وڵه‌ته به‌هه‌مووو ستراكچه‌ره‌كانی و چوارچێوه ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه كه په‌یوه‌سته به‌ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت و شێوه‌ی سیستمه‌كه‌ی و سروشتی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌یه‌كتره‌وه، ئه‌مه‌ش چوونه‌ناو ورده‌كاریی ده‌خوازێت، سه‌ختی و كێشه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر (ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت) و پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانیی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دوای له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی دیكتاتۆری و داڕمانی بنهماكاكی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی، یه‌كه‌مین ئه‌زموون بوو كه تیایدا سه‌رنه‌كه‌وتین بۆ لێكتێگه‌یشتنی نیشتمانیی له‌شێوازو پێكهاته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كاتی، ئه‌وه‌ش بیانویدا به‌ده‌سته‌وه بۆ شه‌رعی بوونی داگیركاری و پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی حوكم، هه‌مووو ئه‌و كێشانهشی كه به‌دوایخۆیدا هێنا، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بێتوانایی بوو له‌لانی كه‌می لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كان و ناچاربوون بوو بهپهیڕهوهكردنی پره‌نسیپی رازیكردن. ئه‌وه‌ش شكستیهێنا له‌هێنانه‌دی هه‌ر ئامانجێك كه شانازیی پێوه‌بكرێت و متمانه‌ی مانه‌وه‌و خۆڕاگریی له‌سه‌ر بنیاتبنرێت له‌به‌رده‌م رۆژگار‌و ئه‌زموون و تواناكانی تێپه‌ڕاندنی ئه‌زموونه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا بهدیمانكرد كه زۆربه‌ی ماده بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییه‌كانی بهمهتاتی و له‌رزۆكی ماونه‌ته‌وه، ماده‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی تره.
ورده‌كاریی و ناوهڕۆك
چوونه‌ناو ورده‌كاری و ناوهڕۆك له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی قانونه پێویسته‌كان بۆ كاراكردنی ماده ده‌ستوورییه‌كان و ئه‌و مادانه‌شی كه ده‌ستوور داوایده‌كات دواخراون و له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه جیاجیاكان دهستیدهستییان پێده‌كرێت، كه دوای گۆڕانی 2003و هه‌ڵبژاردنه‌كان بوونه‌ته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموون، ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له سه‌ره‌كییه‌كان رێكناكه‌وین كه بنه‌مای ده‌ستوورن، هه‌ریه‌كه‌ش له‌گۆشه‌نیگای تێڕوانین و ئایدۆلۆژیا‌و به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رجه‌عه‌كانی سه‌روخۆیه‌وه ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌كان، به‌داخه‌وه ناكۆكی و یهكانگیرنهبوون زۆر زیاتره لهكۆكهرهوهو هاوبه‌شه‌كان كه فاكته‌ری رێككه‌وتنن، خراپترین شت له‌م نێوه‌دا كه بوه‌ته‌هۆی ره‌شبینی، ئه‌و دوو رووییهیه كه له‌نێوانماندا ده‌بینرێت؛ روویهكیان پابه‌ندبوون بهدهستوورو نه‌گۆڕه‌كانی ده‌ستوور دووپاتده‌كاته‌وه، رووه‌كه‌ی تریان خۆی لهرێككهوتنهكانی ده‌ستوور ده‌دزێته‌وه ته‌نانه‌ت هانی هاووڵاتیانیش ده‌دات له‌دژی هه‌ندێك لهپرهنسیبهكانی بوه‌ستنه‌وه‌و له‌به‌رچاویان ناشیرینیان ده‌كات یان هه‌وڵده‌دات روانینی خۆی بسه‌پینێت كه ئه‌م پره‌نسیبه ده‌ستوورییه یان ئه‌وه‌ی تر، ئه‌م ره‌فتاره له‌مامه‌ڵه‌كردن ده‌رهه‌ق به به‌ركه‌وتی ده‌ستووری و له‌گه‌ڵ كۆڵه‌كه‌و به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ‌دا قوڵبۆته‌وه‌و چه‌سپاوه، ئه‌ویش پره‌نسیپی فیدراڵییه كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه له‌میانی كۆنگره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق پێش 2003و دوای گۆڕاندنی رژێمیش، ئه‌وه له‌كاتێكدایه هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو، ئێستا به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاتی نوێ پێكده‌هێنن، قسه‌كردن له‌باره‌ی فیدراڵییه‌وه له‌ساڵانی دوای گۆڕاندن تا ئه‌وپه‌ڕی كراوه‌و رێگه‌پێدراو بوو، قسه‌كردنێك به‌پێی چه‌مكه‌كان و ئه‌زموونه‌كانی ئه‌وكاته رێكخرابوو، كه‌چی له‌بارو سه‌رده‌مێكی تردا بووه قسه‌یه‌كی گشتیی و پشتیده‌به‌ست به(پڕوپاگه‌نده)، كه كه‌س شتی له‌باره‌وه نه‌ده‌زانی و نه‌شیانده‌ویست له‌هیچ تێبگه‌ن ته‌نیا ئه‌وه‌نه‌بێت كه سه‌رله‌به‌ری پره‌نسیپه‌كه ره‌تبكه‌نه‌وه، وه‌ك چۆن زۆربه‌یجار فیدراڵیی به‌وجۆره وێناكرا كه دابه‌شكردنی وڵاته، له‌لایه‌كی تریشه‌وه فیدراڵیی وه‌ها سادهكرا كه ته‌نیا دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و ئیدارهكانه، كه‌چی نه‌یارانی فیدراڵیی واكاریانكرد كه داڕشتنێكی ته‌موومژاویی بكرێت بۆ رێككه‌وتنی فیدراڵیی كه بواری گه‌ڕانه‌وه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه ئاسان بێت بۆ مه‌ركه‌زیی، ئه‌وانه‌شی كه سووربوون له‌سه‌ر فیدراڵیی به‌تێڕوانین و داواكاری و رێوشوێنی وارووبهڕوویان بوونه‌وه كه فیدراڵی بكه‌نه جۆرێك له‌جۆره‌كانی كۆنفیدراڵی كه په‌یوه‌ندییه‌كی لاواز‌و له‌رزۆك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌هێڵیته‌وه. وه‌ك كێشه ئاڵۆزهكانیتر كه رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی نوێ و هێزه سیاسییه‌كانی و دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی بۆوه، فیدراڵیی وه‌ك زه‌مینه‌یه‌كی ناكۆكیی مایه‌وه؛ جارێك به‌بێده‌نگیی جارێكیش به‌ئاشكرا، جیاوازیی له‌بیركردنه‌وه‌و رێباز‌و جیهانبینیی، له‌وانه ناكۆكی و جیاوازی، حوكمی هه‌مووو به‌شه‌كانی كاری سیاسی و ئاماده‌كاریی بۆ ته‌واوكردنی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نوێی ده‌كرد، ئه‌وه‌ش له‌سایه‌ی نه‌بوونی بنه‌ماو بنكه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنی سه‌ره‌كیی.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی نه‌بوونی ئه‌م بنكه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ی لێكتێگه‌یشتنه به‌قسه‌كردن له‌سه‌ر (گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوورو په‌نابردن بۆ ده‌ستوور) رووپۆشدهكرێت، ئه‌وه‌ش قسه‌یه‌كی گشتیی و مه‌تاتییه، ههموووانیش ده‌زانن و ئاگادارن كه ئه‌م ده‌ستووره بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، راستكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌خوازرێت، وه‌ك وتمان ده‌ستووره‌كه بۆ رازیكردن بووه؛ له‌لایه‌ك شتێك ده‌سه‌لمێنێت و ده‌یبه‌خشێت له‌لایه‌كیتر ره‌تیده‌كاته‌وه‌و دهیسێنێتهوه، وه‌ك ئاماژه‌مان بۆكرد فیدراڵیی وه‌ك سیستم فره فیدراڵییه‌و نموونه‌یه‌كی نییه كه ئاماده‌كراو بێت بۆ جێبه‌جێكردنی بگه‌ڕێیته‌وه بۆ یه‌ك نموونه‌ی ره‌سه‌ن و سه‌ره‌كیی، ئه‌زموونی سویسرا له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ئیماراتدا جیایه، ئه‌میش له‌ئه‌زموونی ئه‌مریكا ناچێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مریكاش له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كه‌نه‌دا یه‌كناگرێته‌وه، هیچ كام له‌ئه‌زموونه‌كانی فیدراڵیی له‌مسه‌ری جیهان بۆ ئه‌وسه‌ری لهیهكناچن، كه‌واته سه‌ركه‌وتوترین سیستم و شێوازی فیدراڵی له‌جیهاندا ئه‌وه‌یانه كه ده‌ره‌نجامی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی عه‌مه‌لی و سروشتی پێداویستی و خواسته راسته‌قینه‌و واقیعییهكانه، بهدهنگهوهچوونێك كه له‌خواستی گرووپ و كۆمه‌ڵه خه‌ڵك و ناوچه‌كانیان تێبگات و رێگهچارهو بڕیار له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و تێگه‌یشتنه بدات، ئه‌م رێكار‌و رێوشوێنانه‌ش یه‌كه‌م و پێش ههموووشتێك ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی و سه‌ركردایه‌تی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و حزبانه‌ی گه‌ره‌كه كه به‌ڕاستی باوه‌ڕیان بهكۆتاییهێنانی به‌شێكی سه‌ره‌كی و ئاڵۆز هه‌یه، كۆتاییه‌ك كه به‌كه‌ڵكی ده‌وڵه‌ت دێت و په‌ره‌ده‌دات به‌بنیاتنانه‌وه‌ی نوێ، ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی له‌سایه‌ی رژێمه دیكتاتۆری و شۆڤێنییهكاندا به‌شی زۆری ده‌رفه‌تی بنیاتنان و سامانی مرۆیی و مادیی له‌ده‌ستدا له‌ئه‌نجامی نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی دڵسۆز كه له‌كێشه‌كان تێبگات و رێگه‌چاره‌ی گونجاویان بۆ بدۆزێته‌وه، نه‌ك به‌ڵێندان به‌چاره‌سه‌رو خۆدزینه‌وه‌و ده‌ستی ده‌ستیكردن به‌جێبه‌جێكردنیان، زۆركه‌س ده‌رفه‌تی پته‌وكردنی ئیراده‌ی نیشتمانی‌یان لهكیسداین كه پێویسته بۆچارهی كۆتایی قه‌یرانه كۆنه‌كانی وه‌ك فیدراڵیی، چه‌مكی فیدراڵیی ناشیرینكرا وه‌ك چۆن مه‌به‌سته‌كه‌شی ناشیرین كرا، توندڕه‌وه‌كان هه‌وڵی زۆریاندا بۆ چه‌سپاندن و قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناشیرینكردنه، به‌رهه‌ڵستكارانی فیدراڵیی كاریانكرد بۆ ناشرینكردنی فیدراڵی و پڕوپاگه‌نده‌ی به به‌رنامه‌و هه‌ڕه‌مه‌كییان ده‌كرد له‌دژی فیدراڵی و ئه‌وانه‌شی باوه‌ڕیان به‌فیدراڵی بوو، به‌وجۆره وێنایاندهكردن كه ئه‌وه پیلانێكه ده‌یه‌وێت وڵات وێرانبكات و دابه‌شیبكات به‌سه‌ر چه‌ند كانتۆنێكی بێهێزو بێنموو ده‌وڵه‌تۆچكه‌ی لاوازدا، كه‌چی ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی په‌له‌كردنیان بوو له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، (بێ توێژینه‌وه‌و وردبوونه‌وه‌ی واقیعیی) به‌یارمه‌تیی به‌رهه‌ڵستكارانی فیدراڵیی به‌لێدوان و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان سوودیان پێگه‌یاندن و بهڵگهیاندا به‌ده‌سته‌وه بۆ پڕوپاگهندهكانیان، موباله‌غه‌و گه‌وره‌كردن له‌به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و خراپ به‌كارهێنانی، زه‌قترین ئهودیاردانهن كه كه‌شوهه‌واكه گرژده‌كات، بوار ناهێڵێته‌وه بۆگهشهكردن و پێگه‌یشتنی نیازپاكی و لێكتێگه‌یشتن به‌وجۆره‌ی هه‌ستێك لای هه‌مووان دروستبكات كه سه‌ركه‌وتن و هێزی ئه‌زموونی فیدراڵی، په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و هێزی وڵاته‌كه‌و به‌رگری و به‌هێزكردنی یهكێتییهكهیهتی.
گه‌وره‌كردنی كێشه تازه‌كان
ره‌نگه دواخستنی زۆربه‌ی قانونه‌كانی ماده ده‌ستوورییه‌كان ببێته فاكته‌ری قه‌به‌كردنی كێشه تازه‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا، هاوكات گرژیی نێوان هه‌ردوولا له‌دیالۆگ و ناكۆكییه‌كانیش له‌سه‌ر سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كان تا ئێستا ته‌موومژاوییه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ هێنانه ئارای كه‌شێكی نێگه‌تیڤی ده‌روونی، نه‌ك دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ لێكتێگه‌یشتن و جێگیركردن و چه‌سپاندنی بنه‌مایه‌كی دیار‌و ئاشكرا بۆ سروشتی په‌یوه‌ندیی نێوان مه‌ركه‌زو هه‌رێم، نه‌بوونی متمانه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و چڕكردنه‌وه‌ی كۆشش و هه‌وڵی هه‌ندێك له‌ولایه‌نانه بۆ به‌هێزكردنی مه‌ركه‌زو بڕیاره‌كانی له‌سه‌ر حسابی هه‌رێم به‌جۆرێك كه هه‌ندێكجار به‌شێك له‌و بڕیارانه ده‌بنه بڕیاری زۆردار‌و زاڵمانه، هاوكات ویست و خواستی هه‌ندێك لایه‌نیش له‌هه‌رێم بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ده‌ستكه‌وت به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌ركه‌كان و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوورو نه‌بوونی قانون كه پشتیوانی بڕگه ده‌ستوورییه‌كان بكات یان ماده‌كان وردبكاتهوهو شییان بكاته‌وه، كۆمه‌ڵه كێشه‌یه‌كن په‌ره‌ده‌ستێنن و گه‌وره‌ده‌بن له‌سایه‌ی كه‌شێكی ته‌نراو بهههورو ته‌می ناوخۆی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی، پێویسته هه‌رێم هه‌مووو ده‌ستكه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ده‌ستبهێنێت له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی مه‌ركه‌ز، مه‌ركه‌زیش رێگرنه‌بێت له‌پێدانی مافی ته‌واوی هه‌رێم ئه‌وه‌ش هه‌موووی به‌پێی ده‌ستوور، لێره‌دا پێویسته كاربكرێت بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی به‌رنامه‌و كاروباره‌كانی جێبه‌جێكردن له‌نێوان مه‌ركه‌زو هه‌رێمدا، ئه‌زموونی فیدراڵیی عیراق ئه‌زموونێكی نوێیه، هاوكات دیموكراسییهكهشمان كه چوارچێوه‌یه‌كی گشتیی فیدراڵییه، ئه‌ویش جێگه‌ی گومان و تێڕامانه له‌ناوچه‌یه‌كدا كه كێشه‌ی ئیتنی و تائیفی ته‌نیویه‌تی، بۆیه هێزه عیراقییه‌كان چه‌نده سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن له‌گه‌مارۆدانی كێشه ناوخۆییه‌كان و بگه‌ڕێن به‌دوای چاره‌سه‌ردا له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانیدا، هێنده سه‌ركه‌وتووده‌بن له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه لاوه‌كی و په‌راوێزه‌كان و ته‌سككردنه‌وه‌ی پانتایی خانه‌گومانیی له‌یه‌كتر، ئه‌وه‌ش له‌قازانجی هێنانه ئارای سیستمێكی فیدراڵیی به‌هێزه كه ده‌توانێت وزه‌و توانای ده‌وڵه‌ت به‌گشتیی و پارێزگا‌و هه‌رێمه‌كان به‌تایبه‌تی بخاته‌گه‌ڕ، دیاره ئه‌م هه‌نگاوه شێوازێكه په‌ره‌یداوه به‌بنیاتنانی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره له‌توانا مرۆیی و ئابووریی و سیاسییه‌كانیاندا.
ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆری
ئه‌گه‌ر به‌عه‌مه‌لی نموونه‌ی ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆریی شۆڤێنیمان تێپه‌ڕاندبێت بهورابردووه تاڵه‌ی كه له‌دوای خۆمان جێمانهێشتوهو به‌وه‌ی كه ئێستا بۆ ئاینده‌یه‌كی ئازاد ده‌ڕوانین، ده‌بێت بزانین كه ئێستامان وۆرك شۆپێكهو پاشماوه‌كانی رابردووی تیادا پاكده‌كرێته‌وه‌و ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆهۆیهكانی هاتنه‌كایه‌ی ئه‌و ئاینده‌یه به‌زوترینكات، ئه‌وه‌ش له‌میانه‌ی كاركردن ده‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قانون و رێنماییه زۆرداری و نادیموكراسییه‌كان و قانون و رێنماییه‌كانی رژێمی پێشوو، هیچ كام له‌وانه به‌ده‌ستنایه‌ن و ناگه‌نه ئه‌نجام، بێ مامه‌ڵه‌كردن به‌گیانێكی دیموكراسی ئازاد‌و كراوه‌ی هه‌ست بهلێپرسراوێتیكردن و دادپه‌روه‌رانه له‌ئاست به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل و ده‌وڵه‌تدا، دیاره هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هه‌مووو لایه‌نه‌كان بهشدارییدهكات له‌زامنكردنی هه‌رچی زووتری به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی كه ده‌یخوازین، هاوكات ده‌بێت كاربكرێت بۆ چه‌سپاندنی چه‌مكی ماف و ئه‌ركه‌كان به‌وجۆره‌ی ده‌ستوورو عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یسه‌پێنن، به‌مجۆره ده‌كرێت هه‌موو كێشه‌كان تێپه‌ڕێنرێن، پێكهاتن بكرێت له‌سه‌ر رێككه‌وتنه ده‌ستوورییه‌كان كه چاره‌سه‌ری ئاشكرا داده‌نێت بۆ سروشتی په‌یوه‌ندی و ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئه‌رك و مافه‌كان له‌چوارچێوه‌یه‌كی قانونی ئاشكرا‌و رێكوپێكدا، بۆیه پێویسته له‌م هه‌لومه‌رجه ناسك و سه‌خته‌دا بێدودڵی هه‌نگاوی بۆبنێین كه هه‌موو ئاسته‌كانی گرتۆته‌وه، نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ئاستی فیدراڵیدا.