حـوزه‌یرانی 2014

 

بێگومان هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌ نیشتمانییه‌كه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌چو. ئومێدی ئه‌وه‌ی لێئه‌كرێت كه‌ ئه‌نجامی گرنگ و كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی و بنیاتنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و گه‌شه‌ پێدانی دیموكراسیی له‌ عێراقدا.
ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ر چۆنێك بن سروشتی ململانێكان له‌ نێوان هێزه‌ براوه‌ وسه‌ركه‌وتوه‌كان و هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر له‌ به‌ر رۆشنایی تێگه‌یشتنیان و به‌رنامه‌ و بیروبۆچونه‌كانیان ،ململانێ یه‌كن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی چوار ساڵی رابردوی نێوان هێز و لایه‌نه‌ كان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆریان ئه‌بێت له‌سه‌ریان.
چوار ساڵ تێپه‌ڕ بو، دابه‌ش بون و جیاوازییه‌كان زۆر تر و زیاتر بون له‌ پێكه‌وه‌ گونجاندن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی په‌رله‌ماندا كه‌ زۆربه‌یان حكومه‌تیان پێكهێنابو ، پیشبینی نه‌ ئه‌كرا ئه‌و ناكۆكیی و كێشانه‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ بخایه‌نێت ،نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ناكۆكییه‌كان به‌ جۆره‌ قوڵ بببنه‌وه‌ كه‌ كێشمه‌ كێش دروست بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، كه‌ چاوه‌ڕێ ئه‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی دیاری ئه‌كرێن بۆ پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و شاره‌زایی و نه‌زاهه‌ت بێت و خۆ بپارێزێت له‌ موحاسه‌سه‌ و به‌خشینه‌وه‌ی پۆسته‌كان, ئومێدیشمان ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌وانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردودا خزمه‌تیان پێشكه‌ش نه‌كردوه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی وه‌رگرتنی پۆسته‌كان نه‌بن.
ئه‌مڕۆ پێویسته‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان و هه‌مو لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌ی كابینه‌ی داهاتو ،به‌ ئامانجی چه‌سپاندنی ئاسایش و به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی به‌هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه‌ و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌ماوه‌ر دا بن به‌و جۆره‌ی ده‌ستوری عێراق بڕیاری له‌سه‌رداوه‌، له‌ پێناوی چاكردنی باری ژیانی خه‌ڵك و به‌دیهێنانی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ نێوان هاولاتیاندا نه‌ك ته‌نیا بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی كورسی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌و جۆره‌ نه‌بوه‌ كه‌ لایه‌نێك به‌ ته‌نیا بتوانێت حكومه‌ت پێك بهێنێت له‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێكی تریشدا ئه‌نجامه‌كان به‌و جۆره‌ نابێت كه‌ لایه‌نێك زۆرینه‌ی ره‌ها بهێنێت ،ئه‌ویش به‌ حوكمی سروشتی جۆراو جۆری پێكهاته‌كان و هێزه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ وڵاتدا، ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ رێگایه‌كی سه‌خت و ئاڵۆزدا تێپه‌ڕێت و پێش بینیی جیا جیا به‌ دوای خۆیدا بهێنێت.
چوار ساڵ تێپه‌ڕ بو ناكۆكییه‌كان له‌ چه‌ندین ئاستدا بون ، جیاوازی له‌ نێوان خودی پێكهاته‌كانی ناو هاوپه‌یمانیی نیشتمانیدا هه‌بو كه‌ حكومه‌تیان پێكهێنا ،ناكۆكیه‌كی گه‌وره‌ هه‌بو له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ،ناكۆكی سێیه‌میش له‌ نێوان حكومه‌ت و پێكهاته‌ی سونییدا هه‌بو له‌ په‌رله‌مان.
دیاره‌ كێشه‌ ئاڵۆزتره‌كه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و ناكۆكیانه‌یه‌ كه‌ په‌ره‌یان سه‌ند له‌ ئاستی ناكۆكیی نێوان هێزه‌ سیاسیییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی كردن له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ره‌و ناكۆكییه‌ك كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غداد و كوردستان و مه‌سه‌له‌ ستراتیژییه‌كان له‌ باره‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر بوه‌كان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و دۆسیه‌ی پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم ، ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌كه‌ كه‌ جومگه‌یی و گرنگه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ خستنه‌ روی كێشه‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم به‌ڵكو بۆلایه‌نه‌ جیاجیاكان كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ناخیاندا ناكۆكیی جه‌وهه‌ریی شاراوه‌ی تریان تیادایه‌ له‌وانه‌ لێك تێگه‌یشتن له‌سه‌ر ده‌ستور و هه‌مواركردنه‌وه‌ی و باری ئه‌منیی و خزمه‌نگوزاریی و قانونه‌ بنچینه‌یی و سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ هه‌ر به‌ دواخراویی و په‌ككه‌وتوییی ماونه‌ته‌وه‌.
راسته‌ سروشتی سیستمی موحاسه‌سه‌ هۆی زۆربه‌ی كێشه‌كان بوه‌ به‌ڵام له‌وه‌ راستتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ شتێك له‌ ئاسۆدا به‌دی ناكرێت بۆ كۆتایی هێنان به‌و سیستمه‌ ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ بیر كردنه‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ رێگه‌ چاره‌یه‌كی متمانه‌ پێكراو و عه‌مه‌لیی له‌ ئارادا نه‌بێت و له‌ جێی خۆیدا نه‌بێت.
ئێستاش كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسیی ئه‌كرێت ،هه‌وڵێكه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی عه‌مه‌لیی و ده‌ربازبون له‌ قه‌یرانه‌كه‌.
دیاره‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ش بێ (هاوپه‌یمانیی)كه‌ دیوێكی تری موحاسه‌سه‌یه‌ ، نایه‌ته‌ دی ، له‌به‌رامبه‌ر تێگه‌یشتنی واقیعیانه‌ بۆ (زۆرینه‌ی سیاسیی) واقعێكی تر هه‌یه‌ كه‌ نابێت فه‌رامۆشی بكه‌ین كه‌ ته‌ئكید ئه‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سیستمی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان ،ئه‌وه‌ش ئه‌ركی خودی (هاوپه‌یمانیی نیشتمانی)یه‌ ،ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ بێت كه‌ ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تی بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ،ئه‌بێت به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژێت كه‌ هه‌موان قایل بكات ،له‌مپه‌ڕ و كۆسپه‌كانی ماوه‌ی رابردو ره‌چاو بكات و رێگه‌ چاره‌ی راست و ره‌وانیان بۆ دابنێت كه‌ له‌گه‌ڵ بۆچون و بیركردنه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانیاندا بگونجێت .
به‌ پێی به‌دواداچونه‌كانمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی ماوه‌ی رابردو به‌ گشتیی ، به‌ تایبه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كه‌م جار هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرا و دواتر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كرا سه‌رباری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ هه‌رێم ، بینیمان كه‌ ئه‌نجامی (هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی كوردستان ) له‌ به‌رژه‌وه‌ندییی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی هاوتا و شه‌ریكه‌ پێشوه‌ به‌هێزه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كورسیی زیاتری به‌ده‌ستهێنا له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێیتیدا,ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی ئه‌وكاته‌ی (ی. ن. ك) رون و ئاشكرا بون له‌وانه‌ ،هه‌ندێك سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ بون كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسییان ره‌چاو نه‌ئه‌كرد ،سه‌رباری هه‌ندێك بڕیاری به‌په‌له‌ی دیراسه‌نه‌كراو بۆ رازیكردنی لایه‌نی سیاسیی تر.
به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا(ی. ن. ك) چانسی سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ ره‌خسا بوه‌وه‌ به‌ مونافیسه‌ به‌هێزه‌كه‌ی پ. د. ك دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی دو ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نگه‌كانی خولی پێشوی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌ده‌ستهێنا ئه‌ویش به‌ هۆی پشتیوانی جه‌ماوه‌ر و توانا و شاره‌زایی كادیره‌ نوێ یه‌كان و به‌شداریی نه‌كردنی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ حزبییه‌كان (به‌تایبه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی ) له‌ بانگه‌شه‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا له‌ كاتێكدا كه‌ (ی. ن. ك) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2010دا ته‌نیا 13 كورسیی به‌ده‌ستهێنا.
ئێستاش بارو دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ وا ئه‌خوازێت هه‌ لایه‌نێك بۆ لێك تێگه‌یشتنی ئیجابیی له‌ نێوان هێز و لایه‌نه‌ جیاجیاكاندا پێش هه‌مو شتێك به‌ واقیعیانه‌ و به‌ گیانێكی ئیجابیی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سروشتیی په‌یوه‌ندیی و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بكات و لێان تێبگات كه‌ پێكه‌وه‌ شه‌ریكی نیشتمان و پرۆسه‌ی سیاسیین ، ئه‌م پره‌نسیپه‌ كۆڵه‌كه‌ و بنچینه‌ی شه‌راكه‌ته‌ ،ئه‌گه‌ر به‌و گیانی لێك تێگه‌یشتنه‌ سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا ئه‌وا بناغه‌یه‌ك دائه‌ڕێژین بۆ لێ تێگه‌یشتنی نیشتمانیی كه‌ كاریگه‌رییه‌ ئیقلیمیی و نێوده‌وڵتییه‌كان سوك و كه‌م ئه‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكانی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ وڵاتدا .